بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ویکیپیدیا:ئاماژە بە سەرچاوە

پەڕەی semi-protected
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ویکیپیدیا:ناردنەوە بۆ سەرچاوەەوە ڕەوانە کراوە)

ئاماژە بە سەرچاوە ھێڵێک دەقە کە سەڕچاوەیەکی زانیاریی دەناسێنێت. کاتێک شتێک دەنووسیت کە ھەڵسەنگاندنی لەگەڵدایە، یا ئەگەری ئەوە ھەیە، کاتێک شتێک لە زمانی کەسێکی دیکە دەگێڕیتەوە، کاتێک کورتەیەک زیاد دەکەیت بۆسەر ژیاننامەی کەسایەتییەکی زیندوو یا تەنانەت کاتێک وێنەیەک بار دەکەیت، پێویستە ئاماژە بکەیت بە ژێدەری وەرگرتنی ئەو زانیارییە. شێوازی ئەو ئاماژەکردنە، ئەگەرچی گرنگە، بەڵام لە پلەی دوووھەم‌دایە؛ لە پلەی یەکەم‌دا ھاوردنی ناونیشانی ئەو سەرچاوەیەیە؛ ھەروا بەخشینی ئەو توانایەیە بە خوێنەر کە ھەڵسەنگاندنی نووسراوەکان بکات. بەڵام لەیادت بێت ئەگەر لە وتارێکدا بۆ ئاماژە بە سەرچاوەکان لە پێشدا شێوازێک بەکارھێنراوە، کاتی زیادکردنی سەرچاوەی دیکە ھەر لەو شێوازە پەیڕەوی بکرێت.

لە سەرجەم ویکیپیدیاکاندا، شێوازێکی یەکگرتوو نییە بۆ ناردنەوە بۆ سەرچاوەکان، ھەربۆیە ئەگەر تا ئێستا شێوازێکی تایبەتت بەکارھێناوە بۆ ناردنەوە بۆ سەڕچاوەکان، درێژە بدە بەوە، دەنا، فەرموو ئەم ڕێنماییانە بەسوود دەبێت.

کەی دەبێت ناردنەوە بکرێت بۆ سەرچاوەکان؟

لەبەر تایبەتمەندییەکانی ویکیپیدیا، ھەموو کەس ھاوکاری نووسینی دەکات. بە ھەموو پلەی زانین و زەوقێکەوە. خوێنەر دەبێ ئەرخەیان بێت کە چی دەخوێنێتەوە تاکوو بڕوای پێ‌بکات و بەسوود بێت بۆی. بۆیە ھۆکارەکانی ناردنەوە بۆ سەرچاوەکان ئەمانەی خوارەوەن:

  • بۆ ئەرخەیان بوون لەوە کە نووسراوەکانی وتارەکە لەلایەن خوێنەرانەوە، توانای ھەڵسەنگاندی ھەیە
  • بۆ ئەوەی نیشان بدەیت نووسراوەکانت بیر و ڕای خۆت نییە
  • بۆ بەرگری لەوەی «کۆپی‌کردنی بێ‌بەڵێن»ی پێ دەوترێ
  • بۆ یارمەتی‌دانی خوێنەران تاکوو زانیاریی زیاتریان دەست کەوێت
  • بۆ باشترکردنی جێ‌متمانەبوونی ویکیپیدیا

ئەو بابەتانەی ھەڵسەنگاندن دەکرێن

پێویستیی ئاماژە بە سەرچاوە کاتێ زیاتر دەر دەکەوەێ کە شتێک بنووسیت کە ھەڵسەنگاندنی بکرێت. بۆ نموونە، کاتێ دەنووسیت «ھێندێ کەس دەڵێن…»، ئەگەر بتوانی کەسایەتییەک یان گرووپێک بدۆزیتەوە کە ئەوە بڕوایان بێت و بەستەر بدەی بەو شوێنەی وا ئەوان ئەو بیر و ڕا تایبەتەیان تێدا باس کردوو، ئەوە ئەبێتە ھۆی جێ‌متمانەبوونی نووسراوەکەت. ئاگادار ببنەوە ویکیپیدیا شوێنی بڵاوکردنەوەی پێ‌گەیشتووەکانی کەسایەتی خۆت نییە و ھەر بە پێی ئەوە ھاوردنی داتا و ئامارەکانی وا ئەنجامی لێکدانەوای تاکەکەس بێت، گونجاو نییە و نابێ بەکار بھێندرێت.

گێڕانەوە لە زمانی کەسی دیکەوە

کاتێ شتێک لە زمانی کەسێک نەقل دەکەی یان دەیگێڕیتەوە، دەبێ ھەوڵ بدەی ڕێک دوای ئەو وتە، بە نووسینی کۆدی تایبەت ئاماژە بکەی بە شوێنێک ئەو وتەی تێدا ھاتووە:

مامۆستا ھەژار دەڵێ «...»[١]

کاتی پەرەپێدانی ژیاننامەی کەسایەتییەکی زیندوو

یاساکانی ویکیپیدیا سەبارەت بە ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووکان توند و تیژە. ھەرجۆرە نووسراوەیەک سەبارەت بە کەسایەتی دەبێ لەگەڵ سرچاوەی بڕواپێ‌کراودا بێت. ئەگەر وتارێکت دی کە تێیدا شتێک نووسرابوو بەڵام سەرچاوەی نەبوو، تەنانەت لە لاپەڕەی لێدوان (سەبارەت بە کەسایەتی زیندوو) ڕێگەت پێ‌دراوە بیسرێتەوە.

زیادکردنی سەرچاوە بۆ نووسراوەکانی دیکە

ئەگەر لە وتارێکدا، سەرچاوە باس نەکراوە بۆ زانیارییەکە، و تۆ دەزانی سەرچاوەی ئەو زانیارییە کوێیە، دەتوانی لە دامێندا، زیادی بکەیتە سەر وتارەکە. بەو جۆرە یارمەتی ھەردوو ویکیپیدیا و نووسەری وتارەکە دەدەیت.

کاتێ وێنەیەک باردەکەی

ھەرکات وێنەیەک بار دەکەی، دەبێ لەگەڵ ئەوەدا زانیارییەکانیشی بنێریت. وەک سەرچاوەی وێنەکە، واتە ئەو شوێنەی وێنەکەت لێ وەرگرتووە و تاگی تایبەت مافی بڵاوکردنەوەی. ئەوە زۆر گرینگە خاوەنی ئەو وێنەیە بناسێنیت. ھێندێ جار ناوبردنی سەرچاوی وێنەکە بەسە بۆ ئەوە، بەڵام ھێندێ جار دەبێ ھەم ناوی خاوەن بنووسیت و ھەم سەرچاوەی وەرگرتنی وێنەکە.

  • ئەگەر وێنەکەت لە شوێنێک لەسەر تۆڕی ئینتەرنەت وەرگرتووە، دەبێ ناونیشانەکەی بھێنیت:
سەرچاوە: وەرگیراوە لە http://news.bbc.co.uk/1/hi/world/europe/4280841.stm

شیوەزاری ئاماژە بە سەرچاوەکان

لەم بەشەدا باسی ئەوە دەکەین کە چۆن دەقی ناردنەوە بخەینە سەریەک بۆ ئەوەی کاتی بەرچاوخستن شێوەیەکی جوان و گونجاوی ھەبێت. ھەر بۆیە کاتی دانانی سەرچاوەکان لە وتارەکاندا لە داڕێژەی تایبەت سوودوەردەگرین.

پێداویستییەکانی ئاماژە

ژمارەیەک زۆر داڕێژە ھەن بۆ بەردەستخستنی سەرچاوەکان، کە تەنھا لە شێوەی بەرچاوخستنی زانیارییەکان جیاوازییان ھەیە و جاری واشە لە پاش و پێشی نووسینی زانیارییەکان. ئەگەر لە وتارێکدا، شێوەیەکی تایبەت بۆ ئاماژەکردن بە سەرچاوکان بەکارھاتووە، دەبێ تا کۆتایی ھەر لەسەر ئەو شێوە بنووسرێت؛ بەو مانای کە ٢جۆرە ئاماژەکردنی بە سەرچاوەکان لە وتاردا نەگونجاوە. لەخوارەوە بۆ ھەرجۆرە سەرچاوەیەک شێوازێکی پیشنیارکراو ھاتووە:

ئاماژەی تەواو، بۆ کتێب:

  • ناوی نووسەری کتێب
  • ساڵی لەچاپدان و بڵاوبوونەوەی (لەناو جووتێ تیژکەوانە [])
  • سەردێڕی کتێب بە شێوەی لار
  • شاری لەچاپدانی (دڵخوازانە)
  • ناوی دەستگای بڵاوکردنەوە
  • ژمارەی ئەو لاپەڕەی زانیارییەکەی لێ وەرگیراوە
  • ژمارەی ISBN (دڵخوازانە) ئاماژەی تەواو، بۆ وتارێک لە گۆڤار:
  • ناوی نووسەر
  • ساڵ یا مانگی بڵاوبوونەوە
  • سەردێڕی ئەو وتارەی زانیارییەکی لێ وەرگیراوە-لەنێو نێشانی گێرانەوە
  • ناوی گۆڤارەکە بە شێوەی لار

ئاماژەی تەواو، بۆ وتارێک لە ڕۆژنامە:

  • ناوی ڕۆژنامەکە
  • ڕێکەوتی بڵاوبونەوە
  • ناوی نووسەری وتارەکە
  • سەردێڕی وتارەکە-لەنێو نێشانی گێرانەوە
  • شاری بڵاوبووەنەوی ڕۆژنامەکە (ئەگەر لە ناوی ڕۆژنامەکەدا ئاماژە بە شارەکە نەکراوە)
  • ژمارەی لاپەڕەی مەبەست

ناردنەوە بۆ وتارێک لەسەر تۆڕی جیھانی، ئینتەرنەت:

  • ناوی نووسەری وتار
  • سەردێڕ یا ناوی وتار-لەنێو نێشانی گێرانەوە
  • ناوی ماڵپەڕ (بە شێوەی بەستەر)
  • ڕێکەوەتی بڵاوبوونەوە
  • کات و ڕێکەوتی وەرگرتنی ئەوە زانیارییە لەو ماڵپەڕە (زۆر گرنگ)

ڕوونکردنەوەی زانیاری

دەبێ بە وردی ڕوونکرێتەوە کە زانیارییەکە لە چ بەشێک لە سەرچاوەکە وەرگیراوە. لە نموونەی کتێبدا، زۆر گرنگە دیاری بکەین زانیارییەکە لە چ بەشێک لە کتیبەکە و تەنانەت لە چ لاپەڕەیەک (بە ژمارە) وەرگیراوە. ھەڵبەت دیارە ئەمە بۆ کاتێکە کە زانیاری لە بەشێک لە کتێبەکە وەرگیراوە؛ لەو کاتانەی کە وتارەکە بە گشتیی سەبارەت بە کتێبێک نووسرابێت، لە بەشی بەستەرە دەرەکییەکان تەنھا ئاماژەیەک بۆ کتێبەکە بەستە.

کاتێک وتارێک دەنووسیت سەبارەت بە کتێبێک و زانیارییەکان سەبارەت بەو کتێبە لە ماڵپەڕێکی دیکەوە وەردەگری و خۆت کتێبەکەت نەخوێندووتەوە، دەبێ کاتی ئاماژەکردن بە سەرچاوەکە، بەوردی باسی بکەی کە زانیارییکەت لە ماڵپەڕەکە وەرگرتووە، نەک کتێبەکە.

ئەگەر سەرچاوەکان لەسەرھێڵ (online) بن، زۆرباشترە؛ لەبەر ئەوەی خوێنەر بە کرتەیەک دەیگاتێ. بەڵام ئەگەر سەرچاوکە لەسەر ھیڵدا نەبوو، دەبێ سەرچاوەیەک بەکار بێت کە لە ژێدەرگە یا ئەرشیڤەکاندا لەبەردەستی ھەموان بێت، دەنا وتارەکە وەک بێ سەرچاوە دەبێ.

سەرچاوە غەیرەکوردییەکان

لەبەر ئەوەی کە ئەمە ویکیپیدیای کوردییە، ھەتا دەکرێ دەبێ سەرچاوەی وتارەکانیش کوردی بێت و ھەمیشە لە سەرچاوە بە زمانەکانی دیکە بە باشتر بزانرێت. لەگەڵ ئەمەش، ئەگەر بۆ وتارێک سەرچاوەی کوردی لەبەردەست نەبوو، دەکرێ سەرچاوەکان بە زمانەکانی دیکەش بەکاربێن. کاتێ نەقلێک دەکەی (گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ) لە سەرچاوەیەکی غەیری کوردی، باشتر وایە بە ھەردوو زمانی ژێدەر و کوردی، لەپاڵ یەکەوە بنووسرێن؛ ئەوە ڕێگە دەدات ئەو خوێنەرانەی ناتوانن زمانی سەرچاوە تێبگەن، بتوانن متمانە بکەن بە نووسراوەکە.

شێوازی بەشی سەرچاوەکان

لە بەشی سەرچاوەدا و بۆ ڕیزکردنی سەرچاوەکان، بەکارھێنەران دڵخوازانە لە داڕێژەکان سوود وەردەگرن. بەکارھێنانی ئەم جۆرە داڕێژانە، لەلایەن ویکیپیدیاوە، نە ھان دەدرێت و نە بەرگریی لێ دەکرێت؛ تەنھا چەن خاڵ ھەیە دەبێ بەرچاو بگیرێت:

  • لە بەشی سەرچاوەکانی ھەر وتارێک، تەنھا یەک شێوەی نووسینی ژێدەرەکان (واتە یەک جۆر داڕێژە) بەکاردێت. بەو مانایەی ئەگەر پێش تۆ کەسێک سەرچاوەی داناوە بۆ وتارێک و شێوەیەکی تایبەتی بەکارھێناوە، تۆش دەبێ لەو شێوازە پەیڕەوی بکەی. ئەگەر لەسەر شیوەی ڕیزکردنی سەرچاوەکان تووشی ناکۆکی بوون، دەبێ ھەموان وەک یەکەم دەستکاریکەری سەرەکیی وتارەکە سەرچاوەکان بنووسن.
  • دانانی بەشی پەراوێزەکان و بەشی تایبەتی سەرچاوەکان، ئەگەرچی ھەردوو شێوەیەکن بۆ ئاماژە بە سەرچاوەکان، بەڵام ھەریەکە دەبێ لە شوێنی خۆیان بەکاربێن. نووسەری ھەر وتارێک، ئەو وتارەی بە تێکەڵکردنی ئەو زانیارییانەی وا لە چەند سەرچاوەوە وەرگرتووە دەنووسێت. بەڵام وتارەکە لە زاری خۆیەوە و بە وشەکانی خۆی دەنووسێت؛ لە ھێندێ شوێندا، لە ناوەڕۆکی وتاردا ڕستەیەک ڕاستەوەخۆ، لە سەرچاوەکان دەنووسێت؛ ئەمەیە کاتی بەکارھێنانی پەراوێز. ھەروا کە لە پیش ئەمە باسی کرا، پەراوێز دەبێ بەوردی لە شوێنی وەرگیرانی زانیاری باس بکات. ئینجا لە کۆتاییی وتارەکەدا بەشێک بۆ سەرچاوەکان دادەنرێت کە تێیدا ئاماژە دەکرێت بە ژێدەرەکان (بە شێوەی گشتی، نەک بەوردی).
  • بەشی سەرچاوەکان ھەمیشە دەبێ دوای بەشی «بەستەرە دەرەکییەکان» و بەشی «ئەمانەش ببینە» بێت.

ئاماژەی ناوەکی بە سەرچاوە

ئەم جۆرە لە ئاماژە بە سەرچاوە کە «ئاماژەی ڕاستەوخۆ»شی پێدەڵێن، یەکێکە لە باشترین شێوەکانی ئاماژە، لەبەرئەوەی کە لەم شێوەدا بە پێچەوانەی شێوەی گشتیی ئاماژە بە سەرچاوەکان، ھەر لە درێژەی دەقەکەدا و لە ناوەڕۆکی وتارەکەدا ئاماژە کراوە بە سەرچاوەی وەرگرتنی ئەوە زانیارییە. ئاوەھا خوێنەر بەئاسانی و بەخێرایی دەگاتە سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاری و بەو شێوەیە ئاستی جێ متمانەبوونی وتارەکە بەرزدەبێتەوە.

وردەکارییەکانی بەکارھێنانی ئاماژەی ناوەکی

بۆ ئاماژەی ناوەکی لە پەراوێز سوود وەردەگرین و بە پیێ شوێن، لە یەکێک لەم چەن ڕەوشتە کەڵک وەردەگرین:

  • بەکارھێنانی تاگی <ref>؛ ئەم تاگە دەخەیتە پێش دەقەکە و پاش دەقەکە کۆدی داخستنی تاگەکە دەنووسیت. بەم شێوە دەقی نێوان دوو تاگەکە دەبێتە سەردێڕی پەراوێز کە دوای پاشەکەوتکردن، ئاماژەیەک بە ژمارە، لە جێگەی دەردەکەوێ.

بەم شێوە:

فرۆید دەڵێ خەون بینین تەنھا ڕووداوەیەکی زەینییە<ref>زیگموند فرۆید، لێکدانەوەی خەو، بەشی سێھەم</ref>

دوای پاشەکەوت ئەمە دەبینی:

فرۆید دەڵێ خەون بینین تەنھا ڕووداوەیەکی زەینییە[١]

  • لەوانەیە لە درێژەی وتارێکدا بە چەندین جار ئاماژەبکرێت بە سەرچاوەیەک (چەن جار زانیاریی لە پەڕەیەک لە کتێبک ھێنرابێت)، لە جێگەی دووپاتکردنەوەی ئاماژە بۆ چەن جار، لەم تاگە کەڵک وەردەگرین:
    <ref name="X">ئاماژە بە سەرچاوە</ref>
    . لە جێگەی X سەردێڕێک بۆ پەراوێزەکە ھەڵدەبژێرین و لەمە بەدوا لە ھەرکوێدا پێویست بە ئاماژە بەو سەرچاوە بوو، ئەم تاگە بەکاردێنی:
    <ref name="X"/>
    بەم شێوە، بۆ ھەموو ئاماژەکان بە سەرچاوەیەک، ژامارەیەکی یەکسان دادەنرێت.

نموونە:

فرۆید دەڵێ خەون بینین تەنھا ڕووداوەیەکی زەینییە،<ref name="پەراویزی یەکەم"/>زیگموند فرۆید، لێکدانەوەی خەو، بەشی سێھەم</ref> واتە تەنھا پەیوەندی بە مێشکی مرۆڤەوە ھەیە. ئەگەرچی ئەو ڕایە تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن دۆنیای زانستەوە وەرگیراوە، بەڵام ھەروا کە فرۆید بۆخۆی دەڵێڕوونکاری زیاتری پێویستە<ref name="پەراوێزی یەکەم"/>

بەرچاوکەوتن:

فرۆید دەڵێ خەون بینین تەنھا ڕووداوەیەکی زەینییە،[١] واتە تەنھا پەیوەندی بە مێشکی مرۆڤەوە ھەیە. ئەگەرچی ئەو ڕایە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن دۆنیای زانستەوە وەرگیراوە، بەڵام ھەروا کە فرۆید بۆخۆی دەڵێ ڕوونکاری زیاتری پێویستە[١]

*ئاگاداری گۆرانکارییەکانی ڕاست بۆ چەپ نووسینی دەقە لاتینەکان ببن

کۆتایی: دوای بەکارھێنای ھەریەک لەم شێوانە و بۆ بە ئاکام گەیشتنی بەکارھێنانی پەراوێزەکان، دەبێ بە دانانی تاگی </references> یا {{سەرچاوەکان}} شوێنێک بۆ دەرخستنی پەراوێزەکان دیاری بکەی. بێ ئەوە، کاتی بەرچاو کەوتن ئاگادریی ھەڵە نیشان دەدات.

نموونەیەکی گشتی:

فرۆید دەڵێ خەون بینین تەنھا ڕووداوەیەکی زەینییە،<ref name="پەراویزی یەکەم"/>زیگموند فرۆید، لێکدانەوەی خەو، بەشی سێھەم</ref> واتە تەنھا پەیوەندی بە مێشکی مرۆڤەوە ھەیە. ئەگەرچی ئەو ڕایە تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن دۆنیای زانستەوە وەرگیراوە<ref>گۆڤاری دەروونناسی، وتاری فرۆید و خەو</ref>، بەڵام ھەروا کە فرۆید بۆخۆی دەڵێڕوونکاری زیاتری پێویستە<ref name="پەراوێزی یەکەم"/>
== سەرچاوەکان ==
{{سەرچاوەکان}}

بەرچاو کەوتنی ئاوا دەبێت:

فرۆید دەڵێ خەون بینین تەنھا ڕووداوەیەکی زەینییە،[١] واتە تەنھا پەیوەندی بە مێشکی مرۆڤەوە ھەیە. ئەگەرچی ئەو ڕایە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن دۆنیای زانستەوە وەرگیراوە[٢]، بەڵام ھەروا کە فرۆید بۆخۆی دەڵێ ڕوونکاری زیاتری پێویستە[١]
پەراوێزەکان

١.a،bزیگموند فرۆید، لێکدانەوەی خەو، بەشی سێھەم
٢. گۆڤاری دەروونناسی، وتاری فرۆید و خەو

تایبەتمەندییەکانی پەراوێز وەک ئاماژە

دەقی پەراوێزەکان زۆربەی کات کورتە و زانیاریی ورد لەخۆ دەگرن (ساڵی لەچاپدان، ژمارەی پەڕە)؛ پەراوێزەکان زۆربەی کات بەستەر نین، ناردنەوە ناکەن، بەڵکوو تەنھا زانیاری دەدەن؛ کاتێ لە چەند بەشی جیاواز یا چەن پەڕەی جیاواز لە سەرچاوەیەک سوود وەردەگیرێت بۆ نووسینی وتارێک، ئاماژە بەو سەرچاوە بە چەندین جار، بە پەراوێزەکان ساکارترە بەڵام ھەر ئەوە لە بەشی سەرچاوەکاندا جوان نییە.

جیاوزییەکانی بەشی ئاماژە بە سەرچاوە و بەشی پەراوێزەکان

  • پەراوێزەکان بۆ ئاماژە بە شوێنی وەرگرتنی زانیاری بەکار دێت، بەڵام لە بەشی سەرچاوەکاندا بەستەر ھەیە و خوێنەر دەباتە ژێدەری وەرگرتنی زانیاری
  • پەراویز بەوردی و کورتی باسی شوێنی وەرگرتنی زانیاری دەکات (گۆڤاری… وتاری… ڕێکەوتی… پەڕەی…)؛ بەڵام لە بەشی سەرچاوەکاندا بە شێوەیەکی گشتی باس دەکرێت (وتاری… گۆڤاری…).

فرۆید دەڵێ خەون بینین تەنھا ڕووداوێکی زەینییە،[١] واتە تەنھا پەیوەندی بە مێشکی مرۆڤەوە ھەیە. ئەگەرچی ئەو ڕایە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن دۆنیای زانستەوە وەرگیراوە[٢]، بەڵام ھەروا کە فرۆید بۆخۆی دەڵێ ڕوونکاری زیاتری پێویستە[١]
پەراوێزەکان

١.a،bزیگموند فرۆید،[١٩٧٠]، لێکدانەوەی خەو، بەشی سێھەم، پەڕەکانی ٢٥٠و٢٥٧
٢. لەکان، [١٩٩٠]، [فرۆید و خەو]، گۆڤاری دەروونناسی، ژمارەی ٣٤٢١
سەرچاوەکان

  1. گرینگترین ڕاپۆرتەکانی لێکدانەوەی دەروون، زیگموند فرۆید بە شێوەی pdf
  2. لێکدانەوەی خەو، زیگمۆند فرۆید بە شێوەی pdf
  3. گۆڤاری دەروونناسی

بەستەرە دەرەکییەکان

بۆ دانانی بەستەر بۆ ماڵپەڕێکی دەرەکی (لاپەڕەیەک لە دەرۆی ویکیپیدیا)، تەنھا پێویستە ناونیشانەکە بخەیتە نێو جووتێک تیژکەوانە؛ بەم شێوە دوای پاشەکەوتکردن (یا کاتی پێشبینین)، ژمارەیەک دەبینی کە بەستەرە دەبێت بۆ پەڕەی مەبەست.

نموونە:[http://google.com]
ئەنجام:[١]

ئەم شێوە بەکارھێنانەی بەستەر نابێ لە ناوەڕۆکی وتاردا بەکاربێت، بەڵکوو تەنھا دەبێ لە بەشی بەستەرە دەرەکییەکان بەکاریان بێنن (یا بەشی سەرچاوەکان).

بەستەری نێوان-ویکی (بەستەر بۆ پەڕەیەک لە ویکیپیدیای زمانێکی دیکە)، ئەگەر لە بەشی بەستەرە دەرەکییەکان بەکاربێت، دەبێ ھەروەک بەستەری دەرەکی، بە ناونیشانی تەواو بە http و لە نێوان جووتێ تیژکەوانە بنووسرێت (نەک لە ناو ٢جووت)، واتە دەبێ وەک بەستەرێکی دەرەکی ھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەڵام ئەگەر لە ناوەڕۆکی وتاردا بەکارھات، دەبێ وەک بەستەرێکی نێوان ویکی لە نێوان ٢جووت تیژکەوانە بنووسێت. کاتی بەکارھێنای ئەم جۆرە بەستەرە دەبێ وریا بێت کە پێش بەستەرەکە جووت-خاڵێک بنووسیت؛ وەک [[:en:wikipedia]]. ئەمە بەستەرە بۆ وتاری wikipeida لە ویکی ئینگلیزی. ئەگەر ئەو جووت-خاڵە لەیادبکەی و وەک [[en:wikipedia]] بینووسیت، ئەوە وەک بەستەری زمان بۆ ئەم وتارە لەقەڵەم دەدرێت (بە ھەڵە) و دەڕواتە بەرپاڵەوە.

وتارە بێ سەرچاوەکان

ئەگەر وتارێک سەرچاوەی نەبوو و خۆت نەتتوانی سەرچاوە گونجاوی بۆ زیاد بکەیت، مادامێ وتارەکە ژیاننامەی کەسایەتییەکی زیندوو نەبێ یا سووکایەتیی تێدا نەکرابوو، دەتوانی تاگی {{بێ سەرچاوە}} ی لێبدەی، لەبەر ئەوەی بەکارھێنەرانی دیکە ئاگاداری بکەیتەوە بۆ یارمەتی لە دۆزینەوە سەرچاوە بۆی؛ ھەروا خوێنەران ئاگادار بکەی کە ئەگەرچی ھەوڵ دراوە، بەڵام ئەم وتارە بێسەرچاوەیە و جێگەی متمانە نییە. ئەگەر بڕگە یا ڕستەیەک لە وتارەکەدایە بەڵام سەرچاویەکەی بۆ نەھێنراوەتەوە و جێگەی گومان و کێشە دەبێت، بە زیادکردنی تاگی {{سەلماندن}}، داوای ھێنانەوەی سەرچاوەی دەکەی (تەنھا بۆ ئەو بڕگەیە).

ئەمە دەتوانێ ڕێنومات بێ بۆ بڕیاردانت سەبارەت بە وتارە بێ سەرچاوەکان:

  • ئەگەر لە وتارێکدا باسێک کراوە کە جێگەی گۆمانە، بەڵام بەگشتی زیانی نییە بۆ وتارەکە و ھەروەھا بۆ ویکیپیدیا، تەنھا دانانی تاگی {{سەلماندن}} بەسە.
  • ئەگەر لە وتارێکدا باسێک کرابوو کە جێگەی گومان بوو و ئاستی وتارەکەی تێک دا و بۆ ویکیپیدیا زیانی ھەبوو، ئەوە دەبێ ئەو بەشە بسڕیتەوە. ئەتوانی بیگوازیتەوە بۆ پەڕەی لێدوانی وتارەکە تا لەسەری باس و لێدوان بکرێت، سەرچاوەی بۆ بدۆزرێتەوە و بڕیاری بۆ بدرێت. بەڵام ئەگەر دەزانی کە باسەکە ناماقوڵی یا سووکایەتیی تێدا کراوە، بیسڕەوە و گواستنەوەی مەکە بۆ پەڕەی لێدوان. ھەموو باسە بێ سەرچاوەکان یا باسەکان بە سەرچاوەی لاوازەوە سەبارەت بە کەسایەتییە زیندووەکان دەبێ بەخێرایی بسڕێنەوە؛ لێدوانی ناوێت، نابێ تاگ لێبدرێن. بۆ زانیاری زیاتر بروانە: ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکان

بەستەرە مردووەکان

ھەبوونی بەشی سەرچاوە بۆ وتارێک زۆر گرینگە؛ ھەربۆیە زۆربەی وتارەکان وەھا بەشێک لەخۆ دەگرن. ھێندێ لە سەرچاوەکان سەرھێڵن (online) و لەوانەیە تووشی گۆڕان بن. وەک وتارێکی ڕۆژنامە یان گۆڤارێکی سەر ئینتەرنێت کە چی دیکە لەو ناونیشانەی لە وتارەکەی ویکیپیدیا ئاماژەی پێکراوە، نەماوە؛ بەم جۆرە بەستەرە دەڵێن «بەستەری مردوو». ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم جۆرە بەستەرە دەبێ تایبەتی بێت؛ لەگەڵ ئەوەی کە بەستەری وا سوودێکی نییە بۆ وتار و بۆ خوێنەر، بەڵام ئەوانە ئاماژەن بە سەرچاوەی زانیارییەکانی ئەو وتارە و بێ ئەوانە وتارەکە پایەی خۆی لەدەست دەدات؛ ھەر بۆیە دەبێ چاک بکرێن، یا بە یەکی دیکە جێگۆڕ بکرێن (ئەگەر ڕێگەی ھەبوو). ئەم ڕێنوێنییە دەتوانێت بەسوود بێت:

  • بەستەرەکە تاقی بکەوە تا دڵنیا بیت کە بەستەرێکی مردووە. ھێندێ جار ماڵپەڕەکان (لەسەر ئینتەرنێت) بۆ ماوەیەکی کورت خایەن (کاتی) لەکار دەکەون.
  • ئەگەر ئەو بەڵگە یان وتارە، چی دیکە لەو شوێنەوە نەماوە (لە سەرچاوەکە)، لەوانەیە کۆپییەک ھەرلەو بەڵگە لە شوێنێکی دیکە ئەرشیڤ کرابێت. ئەرشیڤی ئینتەرنێت (archive.org) دەتوانێ شوێنێکی باش بێت بۆ گەڕان بۆی.
  • دەتوانی ئەو بەشە لە نووسراوەکە وا لە سەرچاوە مردووکە وەرگیرابوو، جارێکی دیکە و بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەیەکی دیکە (کە لە بەردەستدایە) بنووسیتەوە.
  • ئەگەر کۆپی یا کەشکراوی (cach) بەڵگەکە چی دیکە لەسەر تۆڕی جیھانی نەمابوو، دەبێ بەستەرەکە ناچالاک بکەیتەوە. ئەوە بەو مانایە کە ئاماژە بە سەرچاوە وەک دەقێکی ئاسایی بێت (نەک وەک بەستەر). لەبەر ئەوەی کە، ئەگەرچی ئەو بەڵگە چی دیکە لەبەردەست نەماوە، بەڵام دەبی دیار بێت کە بۆ نووسینی ئەم وتارە زانیارییەکان لەکوێ وەرگیراون.

ڕوونکردنەوە

لێرەدا و لە کۆتاییی ئەم وتارەدا، پێویستە ڕوونکردنەوەیەک بدرێت. ئاستی جێمتمانەبوونی وتارەکان بە پێی ئاماژە بە سەرچاوەکانیان بەم شێوەیەیە:

  1. ئەو وتارانەی لە بەشی سەرچاوەکانیاندا ئاماژەیان کردووە بە سەرچاوەیەکی سەرھێڵ بە زمانی کوردی (ماڵپەڕ، گۆڤار، ڕۆژنامە، کتێب…)
  2. ئەو وتارانەی لە بەشی سەرچاوەکانیاندا ئاماژەیان کردووە بە سەرچاوەیەکی سەرھێڵ بە زمانێکی غەیری کوردی (لە زمانە گرینگەکان)
  3. ئەو وتارانەی لە بەشی سەرچاوەکانیاندا ئاماژەیان کردووە بە سەرچاوەیەکی کوردی کە لەسەرھێڵ نییە (کتێب، ڕۆژنامە…)
  4. ئەو وتارانەی لە بەشی سەرچاوەکانیاندا ئاماژەیان کردووە بە سەرچاوەیەک بە زمانێکی غەیری کوردی کە لەسەرھێڵ نییە

تێبینیی ١: ئەو وتارانەی کە دەکەونە پۆلەکانی ٣ و ٤، ئەگەرچی ئاماژەیان تێداکراوە بە سەرچاوە، بەڵام سەرچاوەکانیان سەرھێڵ نییە و خوێنەر ناباتە ژێدەری وەرگرتنی زانیاری (تاگی بێ سەرچاوە بۆ ئاگادارکردنەوەی بەکارھێنەران و خوێنەران)
تێبینیی ٢:ئەو وتارانەی سەرچاوەکانیان بلۆگ و مەکۆیە، لە بەشی سەرچاوەدا تا ڕادەیەکی زۆر لاوازن و بە بێسەرچاوە لە قەڵەم دەدرێن. لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە سەرچاوانە بەدژواری دەبنە ھۆی پشت ڕاستکردنەوە.
تێبینیی ٣:ئەو وتارانەی وەک وەرگێڕانێک لە وتاری زمانەکانی دیکەی ویکی نووسراون و لە بەشی سەرچاوەدا ئاماژەیان کردووە بەوە، وەک بێ سەرچاوە یا بە سەرچاوەی لاواز لەقەڵەم دەدرێن. بەکارھێنانی ویکیپیدیا وەک سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاری بۆ نووسینی وتارێکی دیکە لە ویکیپیدیا وتراوە کە نەکرێت (لە ویکیی ئینگلیزی). ھەرچەند ئەم کیشەیە بە ئاسانی چارەسەر دەبێت.

ئەمانەش ببینە